ڕوخساری من

نوسراوە لەلایەن : نزار شەریف

تۆ ڕقت لە من نییە، تۆ ڕقت لەو وێنەیەیە کە بۆ منت دروستکردوە لە مێشکی خۆتدا، بەڵام ئەو وێنەیە من نیم، خۆتیت” فەیلەسوفی یۆنانی؛ ئەدۆنیس

سەرەتای مانگی 5 ی ساڵی 2017 بو کاتێک وەک خۆبەخشێک کارمدەکرد لەهەڵمەتی هەڵبژاردنی نوێنەری حیزبی دیموکراتەکان بۆ پۆستی حاکمی ویلایەتی ڤێرجینیا، ئەو کاندیدەی کە من کاری خۆبەخشیم بۆ دەکرد ناوی تۆم پێریۆلۆ بو.

کارەکە بەو جۆرە دەستیپێکرد کە ئێمەی خۆبەخشان دەڕۆین و لەدەرگای ئەو ماڵانە دەدەین کە لە هەڵبژاردنەکانی پێشتردا دەنگیان بۆ پارتی دیموکرات دابو. من و هاوڕێیەکم دیاریکراین بۆ یەکێک لەو ناوچانەی کە لێی دەژین. ئەو هاوڕێیە خاتونێکی قژزەردی ئەمریکی سپی پێست بو. منیش کوردێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لە کۆتاییەکانی مانگی 10 ی ساڵی 2016 ەوە نیشتەجێی ویلایەتی ڤێرجینیام. ئەوەی کە هانیدام کاری خۆبەخشی بۆ پێریۆلۆ بکەم ئەو حەزو خولیایەی بو بۆ ژینگەدۆستی.

هەرکاتێک کە هاوڕێ کچەکەم لەدەرگای ماڵانی دەدا، زۆر بەگەرمی بەخێرهاتن دەکراین لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە. من و هاوڕێکەم بڕیارماندا کە بە نۆرە لەدەرگای ماڵان بدەین و کارنامەی کاری کاندیدکراوەکە بڵاوبکەینەوە. لەهەمانکاتدا وەڵامی هەرپرسیارێک بدەینەوە ئەگەر خەڵکی ناوچەکە هەیانبو.

یەکەمجار کە من لەزەنگی ماڵێکمدا پیاوێک دەرگاکەی کردەوەو بێ هیچ بەخێرهاتنێک گوتی “چیت دەوێت” تۆنی دەنگی ئەو گڕی، نائاسودەیی و شپرزەیی پێوەبو، کە مەزەندەی ئەوەم دەکرد بینینی غەریبەیەکی وەک من بەڕێکەوت شپرزەی کردبێت. کە بەو جۆرە وایگوت من هەنگاوێکم نایە دواوە. من بڕیارمدابو کە خۆمی پێبناسێنم و بۆی ڕونبکەمەوە کە بۆچی لێرەم. لەڕاستیدا توشی سەرسوڕمان بوم کە بە جۆرە بەخێرهاتن کرام. بۆچی دەبێت من شتێکم لە تۆ بوێت؟چی وای لەو پیاوە بەڕێزەکرد کە وا هەست بکات من پێویستم بە یارمەتییەو ئەوە ئەوە کە دەسەڵاتی پێدانی یارمەتی بە من هەیە.

ئەوە یەکەمین چیرۆکی بەرکەوتنی من بو بە ڕەگەزپەرستی و حوکمدانی پێشوەختە لەسەر بنەماو ڕەنگی ڕوخسارم.

پاش ڕودانی ئەو ڕوداوە بۆ ماوەیەکی زۆر بیرم لەوە دەکردەوە کە دەبێت ڕەنگی ڕوخسارم یان شێوازی ئاخاوتنم چ جۆرە بڕیارێک بدات لەسەر کەسایەتی من. چ جیاوازییەک دروست دەکات کاتێک کەسێک ئیمەیلەکانم دەخوێنێتەوە، پاشان ناوێکی غەریبی وەک ئەوەی من دەبینێت لە خوارەوەی لاپەڕەکە.

لەوکاتەوەی کە لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا نیشتەجێم تێبینی سێ جۆرە تێڕوانینی خەڵکی ئێرەم کردوە بەرەو ڕوی من و پەنابەرەکانی تر. یەکەمین گروپ کە بەداخەوە نوێنەرایەتی زۆرینەی خەڵکی ئێرە دەکەن ئەوانەن کە بەهیچ جۆرێک ئاسودە نین بە مامەڵەکردن لەگەڵمدا. گروپی دوەم ئەوانەن کە هەست بەبەزەیی دەکەن کە من خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستم. لەڕاستیدا حەزدەکەم پێیان بڵێم من هەرگیز پێویستم بە بەزەیی ئێوە نییە. گروپی سێیەم ئەوانەن کە من قبوڵ دەکەن وەک بیانییەک بەو شێوەیەی کە خۆم هەم، بێ ئەوەی هیچ بڕیارێکی پێشوەختە بدەن لەسەر ئەوەی کە من خەڵکی کوێم و ڕەنگی ڕوخسارم چ ڕەنگێکە. بەڵام بەداخەوە کە ئەم گروپە کەمینەیەکی هەرە کەمی ئەم وڵاتەن.

ڕاستییەکی غەمناکە کە ڕاستەوخۆ دوای ئەوەی هاتمە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا دەبو فێری ئەوە ببم کە ڕەنگی ڕوخساری من قاوەییە. لەڕاستیدا من هەرگیز بیرم لەوە نەکردبۆوە لە ژیانمدا کە من قاوەیی پێستم.

لەسەرەتای هاتنمەوە بۆ ئێرە زۆر بەوردی تێبینی ئەوە دەکەم کە کاردانەوەی خەڵکی ئێرە چۆنە کاتێک بیانییەکی وەک من دەبینن – لەکاتی چاوپێکەوتنی کاردا، کاتی ڕۆیشتنم بۆ پیاسە، یان کاتێک دایک و باوکی ئەو خاتونە دەبینم کە تازە دەبێتە هاوڕێم.

من لەوە دڵنیام کە مرۆڤ بەگشتی گریمانەی پێشوەخت بۆ هەمو شتێک دادەنێت، ئەوە سروشتی مرۆڤە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک گریمانە مرۆڤ نائاسودە دەکات. بۆ نمونە ڕۆژێک کەسێک پرسیاری ئەوەی لێکردم لەمیانی گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ئەو بەڕێزە کە گوایە من دەزانم فەیسبوک چییە؟لەوەڵامدا پێمگوت کە من بۆ خۆم ئەندازیاری پڕۆگرامسازیم، بەڵام زۆر حەزدەکەم بزانم چی وای لە تۆکرد کە وا هەست بکەیت من ئاشنانیم بەو شۆڕشە تەکنەلۆجیایەی کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی گرتۆتەوە ماوەیەی دەیەیەکە بەردەوامە.

من دڵنیام بینینی ڕوخساری من زۆر کەس نائاسودەدەکات بەتایبەت ئەگەر لەڕادەبەدەر هەڵسوکەتم باش نەبێت. لەگەڵ ئەوەشدا تەنانەت ئەگەر بەزەردەخەنەیش وەڵامیان بدەمەوە هێشتا هەر بڕیاری پێشوەختە لەسەر من دەدەن بێگوێدانە ئەوەی چەند جوان ڕەفتار بکەم یان چەند شیرین بدوێم لەگەڵیان.

لەو باوەڕەدام کە ڕەگەزپەرستی لەهەمو شوێنێک هەیە. هەتا کەمتر ڕوناکبیربن زیاتر مەزەندەی ئەوەمان لێدەکرێت ببینە ڕەگەزپەرست. بەگوێرەی سەرچاوە زانستییەکان کە تیشکی خۆر کاریگەریی درێژخایەنی دەبێت لەسەر گۆڕینی ڕەنگی پێستی مرۆڤ، بەڵام ئەوەی کە ڕەنگی ڕەگەزپەرستی دەنەخشێنێت هیچ نییە بێجگە لە جەهل و نەزانی.

ئێمە هێشتا دەبێت تێبکۆشین بۆ هێنانە دی خەونی مارتن لوثەر کینگ کە دەیگوت خەون بەوەوە دەبینم کە خەڵکی بڕیاری پێشوەختە نەدەن لەسەر ڕەنگی پێستم بەڵکو بڕیاری ئەوان لەسەر ناوەڕۆکی کەسایەتیم بێت.

من وەک خۆم لۆمەی ڕەنگی پێستم ناکەم. نەدەتوانم و نەدەشمەوێت ڕەنگەکەی بگۆڕم. من شانازی بە ڕەنگی ڕوخسارمەوە دەکەم و گوێنادەمێ هەرکەسێک چۆن بڕیاری لەسەر دەدات. شێوازی ئاخاوتنم زۆر کەشخەیە، چۆن خەڵکیش بڕیاری لەسەر دەدەن گرنگ نییە لەلام.

هیواخوازم کە هەرکەسێک دەتوانێت کارێکی بچوک بکات – گرنگ نییە هەرچەند بچوکیش بێت – بۆ وەڵام دانەوەی ڕوداوە بچکۆلەکانی ڕەگەزپەرستی، هیوام وایە ئەو کارەی کە دەکرێت بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەم ڕەگەزپەرستییە بریتی بێت لە خۆشەویستی، ڕوناکی و زەردەخەنە.

Scroll to the top of the page

Hosting & Maintenance by eSaner

Thanks for reading The Citizen!

We’re glad you’re enjoying The Citizen, winner of the 2022 VPA News Sweepstakes award as the best online news site in Virginia! We work hard to publish three news stories every week, and depend heavily on reader support to do that.